خاڵێك
- Barham Shakely
- May 17, 2021
- 5 min read
Updated: Jun 29, 2022
چیرۆک
سه‌ر له به‌یانیان، ده‌نگه‌كان باشتر ده‌بیسترێن. خۆیان پاكترن یان ژاوه ژاوی دونیا كه‌متره؟ له‌وانه مێشكی من تازه بێ‌دار بووبێته‌وه؟ ئه‌مه‌یان گونجاوتره! چونكه هێشتا دیاریان نییه. نازانم ئه‌وانیش خه‌وتوون یان هه‌ر وه‌ك به‌زه‌ییه‌ك ئه‌م چه‌ند خوله‌كه‌ی به‌یانیان به من ده‌به‌خشن، ئه‌وه نه‌بێ بزانم ئه‌وان خاوه‌ن ماڵن یان ئارامییه كاتییه‌كانم.
چاوه‌ڕێی فێ لێهاتنه‌كانم بكه‌م یان نا، ئه‌م ئارامییه چه‌ند خوله‌كێك ناخایه‌نێت. هه‌میشه یه‌كێك هه‌یه كاری رووخاندنه. ئه‌وه‌ی تۆ پێت وابێ تێك نادرێت ئه‌و زۆر به ساده‌یی و هونه‌ر مه‌ندانه بۆتی ده‌روخێنێ و هه‌لا هه‌لای ده‌كات.
به جه‌سته‌یه‌كی شه‌كه‌ته‌وه، له دونیا ئارامه‌كه‌ی دێته ده‌ره‌وه. به‌بێ ته‌ماشاكردنی ئاوێنه، ده‌زانێت یه‌كه‌م ساتی ڕابوونی ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێوه‌یه، نه‌ك ئه‌وی شه‌وی پێشوو. نه هێز و نه ئاره‌زووی ئه‌و پرسیارانه و وه‌ڵامه‌كانیانی نییه، خۆ ئه‌و هه‌موو شه‌وێك تا به‌ره‌به‌یان به گه‌ڕان به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ڕۆژ ده‌كاته‌وه. چ سودێكی نییه! وه‌ڵامه‌كان هه‌مووی ده‌زانێ به‌ڵام چی بكات، ئه‌ویان نازانێ. ئه‌وه‌ش ده‌زانێ ئێستا كێ دێت و به‌یانی باشی لێده‌كات، به‌ڵام جیاواز له به‌یانییه‌كانی دی، وا دیاره هه‌واكه ساردتره.
- هاوار، دوێنێ شه‌و شانۆگه‌رییه‌كم ده‌خوێنده‌وه.نه‌وه‌ڵا ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌گه‌ڵ تۆشدا بێت با درۆ نه‌كه‌م. نه‌م ده‌خوێنده‌وه، له یوتیوب ته‌ماشام ده‌كرد. زۆر له‌سه‌ر خۆ له‌گه‌ڵ هاواردا ده‌دوا.
- ئێ ده‌ی باسیكه، به باسی ئه‌م شانۆگه‌رییانه‌ت مێشكمت بردووه. هاوار به ده‌نگی به‌رز و به په‌له ده‌دوا.
- هاوار گیان ئه‌م راستگۆییه چه‌په‌ڵه‌تم زۆر به دڵه، به‌ڵام كێشه‌ت بۆ دروست ده‌كات. به‌بێ هیچ وه‌ستانێك هاوار وه‌ڵامی دایه‌وه: باسی ده‌كه‌ی یان نا؟
- باشه كاكه بۆ ئه‌وه‌نده خێرا هه‌ڵده‌چیت، شانۆگه‌رییه‌كه باسی سێ كه‌س ده‌كات، پاش مردنیان له یه‌ك شوێندا یه‌ك ده‌گرنه‌وه. سه‌ره‌تای گه‌یشتنیان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ سروشتی شوێنه‌كه‌دا بۆ دروست ده‌بێت، گونجان له‌گه‌ڵ سروشتی ئه‌و جێگه‌یه له سه‌ره‌تادا بۆ بیر و لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤ قورسه. بۆ كه‌سێك دوای مردنی له ژورێكدا زیندوو ببێته‌وه كه جگه له چه‌ند تابلۆیه‌ك، هیچی تری تێدان ییه ته‌نانه‌ت ئاوێنه‌یه‌كیش، زه‌حمه‌ته بڕوا به‌وه بكات ئه‌مه دۆزه‌خه! ئاخر قورسه مرۆڤێك كه به درێژایی ژیانی باسی دۆزه‌خ و سزاكانی به گوێدا خوێندرابێت؛ چۆن لێده‌درێیت، چۆن ده‌سوتێنرێیت، جا ئیتر خۆت ده‌زانیت مرۆڤه‌كان له داڕشتن و وه‌سفكردنی ترس‌دا چه‌نده هونه‌رمه‌ندن.
له‌م ژووره چوارگۆشه و چوارلا سپییه‌دا، سێ كه‌س به‌یه‌كه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه زیندانی كراون، دوو ژن و پیاوێك. سه‌ره‌تا هه‌ر یه‌كێكیان گومان له‌ویتر ده‌كات كه ڕه‌نگه بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌میان له‌وێ بێت. هه‌ر دواتره بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌سیان بۆ لێدانی ئه‌ویتریان لێره نییه، ته‌نها به‌یه‌كه‌وه له‌م شوێنه‌دا به گیر هاتوون.
به‌ڵام كێشه‌و و ڕێك نه‌كه‌وتنی نێوانیان خێرا یارمه‌تیان ده‌دا له‌وه تێبگه‌ن بۆ به‌م شوێنه كپه ده‌وترێت دۆزه‌خ! پیاوه‌كه زووتر وه‌ره‌س ده‌بێت به‌ده‌س ژنه‌كانه‌وه چونكه به‌رده‌وام قسه ده‌كه‌ن، زۆر تكایان لێده‌كات بێده‌نگ بن و هه‌ر یه‌كه له گۆشه‌یه‌كی ژووره‌كه‌دا داسه‌كێت. لێره هاوار قسه‌كانی پێده‌برێت و به هه‌ڵچوونه‌وه ده‌ڵی:
-هاهاها ئه‌وه بۆ كاكه ئێمه له دۆزه‌خیش له ته‌نیایی تێر نابین؟ ئێ ئێ ته‌واوی بكه. -كاكه گرنگ ئه‌وه نییه، خاڵه گرنگه‌كه ئه‌مه‌یه كه باسی ده‌كه‌م. پیاوه‌كه چه‌ند له‌و جێگه‌یه بێزار و ماندوو بوو، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌رگه‌ی ژوره‌كه‌ی به ڕوودا ده‌كرێته‌وه، سه‌یر له‌وه‌دا بوو بۆ چه‌ند خوله‌كێك ته‌ماشای ئه‌ودیویی ده‌رگه‌كه‌ی كرد به‌ڵام زاتی نه‌كرد پێیه‌كانی بجوڵێنێت و له‌و ئازار خانه‌یه خۆی رزگار بكات!
بتئاسا وه‌ك لاشه‌یه‌كی بێ گیان له جێی خۆی وشك بوو و تا ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌رگه‌كه‌ی به‌سه‌ردا داخرایه‌وه، هه‌ناسه‌ی لێوه نه‌هات. ته‌نها ده‌نگی پێوه‌دانی ده‌رگه‌كه ڕۆحی گه‌ڕانده‌وه جه‌سته‌یی و هۆشیاری كرده‌وه؛ ده‌رگه‌كه بۆ هه‌میشه داخرا..
هه‌ردووك بێده‌نگ ته‌ماشای یه‌كدیان كرد، هاوار بوو كه به‌فره‌كه‌ی شكاند و وتی: -هه‌تیو مێشكی من ئه‌م شتانه وه‌رناگرێت، ئه‌زانم ده‌بێ زۆر گرنگ بێت به‌ڵام تێناگه‌م بۆ. ئه‌مه ئه‌گه‌ر له مه‌جلیسێكدا باس بكرابایه، به بێ ئه‌وه‌ی بزانم مه‌به‌سته‌كه چییه ده‌ستم به چه‌پڵه لێدان ده‌كرد!
زۆر به هێمنی و ده‌نگێكی نزم وه‌ڵامی هاواری دایه‌وه و وتی:
-هاوار، پیاوه‌كه بۆ ڕاینه‌كرد؟ ده‌رگاكه كرابوویه‌وه و ئه‌ویش ڕقی له‌و شوێنه ده‌بوویه‌وه. هه‌ر چ شتێك له‌و دیو بایه، له‌و ژوره زیاتر ئازاری نه‌ده‌دا! با بشڵین له‌وانه چاره‌نوسێكی ترسناكتر چاوه‌ڕوانی بووایه، هێشتا ئه‌ویان ئه‌گه‌ره و ئه‌میان ئه‌گه‌ر نییه!
ئه‌م ده‌مه‌ته‌قێیه‌ی، ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ كزه‌ی با سارده‌كه‌ی پشتیدا كه‌وته‌وه بیر. نه‌یده‌ویست دووباره بیری لێبكاته‌وه، خۆ ده‌زانێ ئه‌گه‌ر زۆر له‌سه‌ری بووه‌ستێت ده‌گاته ئه‌وه‌ی له ژووره‌كه‌ی ژیانی خۆی هه‌ڵێت! چه‌ند جاری تریش هه‌ر هه‌مان بیرۆكه‌ی له خه‌یاڵدابووه به‌ڵام نایه‌وێت، بۆ؟
-بۆ نامه‌وێت له ده‌رگاكه بڕومه ده‌ره‌وه؟
-له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ئارام بژیم؟
-ئه‌م ژیانه‌ی ئێستات ئارامییه؟؟
-نامه‌وێت توشی كێشه ببم.
-چ كێشه‌یه‌ك له ئێستا زیاتر ماندووت ده‌كات؟
چ به‌ڵایه‌ك له ئێستا زیاتر هه‌راسانت ده‌كات؟ ئه‌مانه بیانووی ڕه‌وایی ئه‌و ترسه‌ی ناخت نین؟ ترسێك نه خۆت، نه كه‌سی دیكه‌ش سه‌رچاوه و هۆكه‌ی ده‌زانێ..
-من ئه‌و پیاوه‌ی ناو شانۆگه‌رییه‌كه‌م كه پێم سه‌یر بوو بۆ نه‌ڕۆشت؟
-به‌ڵی تۆ ئه‌ویت، تۆ ده‌قاو ده‌ق ئه‌ویت. بۆ ئێستا تۆ ده‌زانیت ئه‌و دیوی ده‌رگاكه‌ت چییه؟ هیچ نه‌بێت ئه‌گه‌ره!
به‌ڵام نه‌خێر ئێوه‌ی مرۆڤ وا هه‌ڵكه‌وتوون خوداكه‌ی ئاسمان تێرتان ناكات و ده‌بێ به درێژایی ژیانی سه‌ر زه‌ویتان سه‌رقاڵی دروستكردنی خواوه‌ندی بچكۆلانه بن!
-بۆ جه‌نابت چیت؟ هه‌ر من نییت؟
-نه‌خێر من تۆ نییم، من ئه‌و تۆیه‌م كه هه‌میشه خه‌ونی پێوه ده‌بینیت! هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی ده‌ته‌وێت بیكه‌ی به‌ڵام ناوێریت و هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی جورئه‌تییانت نییه، هه‌موو شتێك كه تۆیت و ناوێریت ببیت، ئه‌وه منم!
-تۆ من دیاری ناكه‌یت، منم ئه‌گه‌ر ویست و كرده‌م هه‌بێت تۆیه‌ك نامێنیت.
هه‌موو ئه‌م گفتووگۆیانه پێش وه‌ستانی هه‌وا سارده‌كه كران و ته‌واو بوون، تێنه‌گه‌شت كێ بوو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا ده‌دوا!
ئه‌و كه‌سه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كرد هاته ژووره‌وه، وه‌ك چه‌خماخه‌یه‌ك ته‌قییه‌وه به ڕوویدا و به‌ده‌م هاواركردنه‌وه دیوت:
-من لێره نامێنم، من لای ئیوه نامێنمه‌وه، ته‌واو له ده‌رگاكه‌مه‌وه ده‌ڕۆم، هه‌تاوه‌كو دانه‌خراوه به‌سه‌رمدا!
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌ره‌وه‌ی ده‌رگاكه بڕیاریدا ئه‌وه‌ی بیری لێناكاته‌وه جێماوه‌كانی بێت، له‌گه‌ڵ هیچێكیان نه‌ده‌گونجا ته‌نانه‌ت خه‌یاڵه‌كه‌شیان ئازاریان ده‌دا. بۆ تاوێوك ئه‌وه‌ندی پێیكرا، ڕایكرد.
ورده ورده هه‌ستی به ماندوو بوون كرد ویستی ماوه‌یه‌ك پشو بدات و ئاوێك بخواته‌وه، ئه‌م كه‌سێكی ته‌ندروستبوو. هه‌موو به‌یانییه‌ك بڕێكی چاك ئاوی ده‌خوارده‌وه به‌ڵام ئه‌م جاره وشكی دوێنێ شه‌وی به‌رینه‌دابوو و كات گه‌شتبووه چێشته‌نگان. بۆرییه‌ك له به‌رده‌میدا بوو له‌سه‌ر لا ده‌می پێوه‌نا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵانێك ئاوی نه‌خواردبێته‌وه ئاوا مژی له‌و ئاوه شیرتێنه ده‌دا. له خه‌یاڵی تامی خۆشی ئاوه‌كه‌دا ئاگای له كات نه‌مابوو.
ئه‌وه بۆ چه‌ند كاتژمێرێك ده‌ڕوات له‌سه‌ر هه‌رێزی ته‌نیشت به‌لووعه‌كه پاڵی داوه‌ته‌وه. ده‌نگی بانگ كردنی ناوی خۆی به خه‌به‌ری هێنایه‌وه، كۆمه‌ڵه كه‌سێك به دوایدا ده‌گه‌ڕان چونكه خۆشیان ده‌وێت و لێیان بزربووه.
بۆ ئه‌میش هه‌موو هه‌سته‌كانی ئه‌وان ته‌نیا ڕووپۆشێك بوون بۆ ئه‌و ئازارانه‌ی لێیان هه‌ڵاتووه. "ئه‌گه‌ر كه‌سێك توشی وه‌هم بێت پێی ده‌ڵێن شێت بووه و ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك تووشبن ناوی ده‌نێن باوه‌ڕ" ئه‌م وته‌یه‌ی به بیر هاته‌وه كه له كتێبێكدا خوێندبوویه‌وه.
باوه‌ڕه‌كانی ئه‌وان كێشه گه‌وره‌كه‌ی منن!
ده‌ی كه وایه لێره بڕۆ، تا هێز له ئه‌ژنۆكانتدایه مه‌وه‌سته هه‌ڵێ.
به قسه‌ی خۆی قایل ده‌بێ و خۆی لێیان بزر ده‌كات، ئێسته هیواداره ئه‌وان نه‌یدۆزنه‌وه، كه‌سێك به بێ جل و به‌رگ و خه‌رجی چۆن ده‌توانێت ته‌نانه‌ت خۆشی بزر بكات؟
بۆ ماوه‌یه‌ك ڕۆژانه له باڕه‌كاندا ده‌یخوارده‌وه و دره‌نگانێكی شه‌و هه‌ڵده‌هات، به‌م شێوه‌یه چه‌ند شه‌وێك به‌ڕێ كرد.
ئێواره‌یه‌كی سارد، به له‌رزه‌وه خۆی كرد به یه‌كێك له با‌ڕه‌كانی شاردا و داوای خواردنه‌وه‌یه‌ك كرد كه لاشه به‌ستووه‌كه‌ی پێ گه‌رم بكاته‌وه. له دوای چه‌ند پێكێك، هه‌م لاشه‌ی گه‌رم بوویه‌وه و هه‌میش بوونه ڕاستییه‌كه‌ی هاته ده‌رێ. ژنێك كه چه‌ند مه‌ترێك ئه‌ولاتر دانیشتووه، شتێك له‌م پیاوه بزه ڕایده‌كێشت و دێته له نزیكییه‌وه داده‌نیشێت. سه‌رسام ده‌بێت به كاره‌كته‌ره سروشتێكه‌ی كه به زه‌بری كهوله‌كه له‌ده‌ره‌وه‌یه، ئه‌گینا هه‌میشه خۆی شاردۆته‌وه، پرسیاری لێده‌كات؛
-چیرۆكه‌كه‌ت چییه؟ ئاده‌ی بۆم باسكه.
-چیرۆكی من؟ چیرۆكی من چیرۆكی هه‌موومانه، چیرۆكی هه‌موو كۆیله‌كانه، ئه‌وه بۆ به وشه‌ی كۆیله تێكده‌چین؟ به‌ڵام زۆر سه‌رسامی عه‌بدین و شانازیی ده‌كه‌ین پێمان بوترێت عه‌بدی خودا به‌ڵام كۆیله‌ی خودامان پێ قورسه!
با من پێت بڵێم، ئاینه‌كان بۆیه له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌گونجێن بۆیه لای ئێمه سه‌ر ده‌گرن، چونكه ئه‌وان سروشتی خۆمانمان ده‌ده‌نێ به بێ درۆ و سروشته ڕاستییه‌كه‌مان تێرده‌كه‌ن.. ئه‌گه‌ر منێك له ژیانمدا توشی شكستێك هاتم باشترین وه‌ڵام كه به خۆمی بده‌م ئه‌وه‌یه بڵێم با قه‌ناعه‌ت بكه‌م به‌وه‌ی هه‌مه!
ژنه‌كه تا به‌ره‌به‌یان گوێی بۆ ڕاگرت و دواندی وادیاره له یه‌ك ده‌گه‌ن، دواتر حیسابه‌كه‌ی بۆ به‌ڕێكرد و به‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و ماڵی ژنه‌كه به‌ڕیكه‌وتن.
ماوه‌یه‌ك به‌یه‌كه‌وه ده‌ژین نه ژنه له قسه‌كانی تێر ده‌بێت و نه ئه‌میش هێشتا له جوانییه‌كه‌ی بێزاربووه، پیاوه ڕۆژانه جگه له دۆسته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ده‌نگێكی دیش ده‌دوا. پاش ماوه‌یه‌ك بیرۆكه‌ی ده‌رچوون له وڵات و ده‌سپێكێكی نوێیان به بیردا هات.
ده‌سپێكیك كه گوایه هه‌موو هه‌ڵه‌كانی پێشوو چاره بكات، سه‌ره‌تاكه‌شیان به هاوسه‌رگیری ده‌ستپێكرد!
هه‌رواش به‌و پلانه‌وه له وڵات ده‌رده‌چن و له غوربه‌تێكدا ده‌گیرسێنه‌وه. به‌یه‌كه‌وه ده‌چنه نێو ماڵه نوێكه‌یان به‌ڵام پێش چوونه ژووره‌وه، پیاوه‌كه هه‌نگاوێك خۆی دواده‌خات ژنه‌كه له پێشه‌وه ده‌ڕواته ژوره‌وه، ئه‌میش به دویدا ده‌ڕوات و خۆی ده‌رگاكه داده‌خات.

Commentaires