سەما
- Barham Shakely
- May 17, 2021
- 6 min read
Updated: Jun 29, 2022
چیرۆک
تانزنی بچکۆلانە لە سەر جێی خەوەکەی و بەدەم چیرۆکەکەی دایکییەوە خەوی لێکەوت. چەند ساتێک تێپەڕبوون و چاوەکانی کردەوە و مەودای بینینی تەسک بووبووەوە. پاش ئەوەی خەو لە چاوەکانی بوویەوە تەماشای ئاسمانی کرد و بۆی دەرکەوت کە لە شوێنێکی چاڵدایە. شوێنێک لە بیری ئاو دەچێت، بەڵام بیرێکی وشکە. نەک ئاو، جگە لە تانزن پارچە بەردێکیشی تێدا نییە. لە سەرەوە دەنگی پەڕی باڵەفڕکێی باڵندەیەک هات، بەڵام دەنگەکە زۆر نەرم بوو و تانزنی دوازدە ساڵانی نەترساند و خێرا سەری بەرزکردەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو دەنگە چییە. لە دەمی بیرەکەوە کەوێکی زەبەلاحی زێڕین زۆر بە هێمنی باڵەکانی دەهێنا و دەبرد، هێدی هێدی دەهاتە خوارێ و نزیک دەبووەوە لە تانزن. کاتێک تەواو لە بەردەم ڕووی تانزن وەستا بە دەنگێکی قوڵ، نەرم و دۆستانە پرسی "کیژە وردیلە بەیانیت باش". تانزن لە تاو جوانی و مەزنی کەوە زێڕینەکە، قسەی بۆ نەهات و بۆ ماوەیەک ورد بوویەوە لە ڕازاوەیی ئەو کەوە. تێکەڵەی ڕەنگی پەڕەکانی و جوڵە و دەنگی بە یەکەوە وای لە تانزن دەکرد بتۆقێت، بەڵام زۆری نا دەبرد هەر خۆیان تۆقینەکەیان دەگۆری بە جوانی و ئاشنایەتییەکی کۆن. کەوی زێرین کەمێک وەستا بە دیار تانزنەوە و دواتر گوتی: "وەرە با بڕۆینە دەرەوە". هەر ئەو قسەیەش بوو و تانزن بێ ترس لەسەر پشتی کەوەکە دانیشت، کەویش دای لە شەقەی باڵ و بەرەو ئاسمان.
من سەمام هەموو ڕۆژێک بە هەمان ڕێگادا دەڕۆمەوە ماڵ، خۆزگە کتێبەکانی شانیشم هێندە قورس نەدەبوون یان تیشکی ئەو خۆرە کەمێک لاوازتر بووایە. نازانم بۆ کە دەگەڕیمەوە ڕێگەکە هێندە دوور و درێژە، زۆر سەیرە بەلامەوە بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستم و دێم بۆ قوتابخانە هەم ڕێگاکە کورتە و هەم کاتەکەش زوتر تێپەڕ دەبێت. نازانم وەک بڵێیت کات بە ویست ئەو کارە دەکات، هەر کاتێک نامەوێت بگەم بە شوێنێک یان کەسێک، وا دەکات زووتر بگەم. ئەوەتا دوا قۆناغی قوتابخانەم دەمەوێت زوو تەواو بێت و لە کۆڵم ببێتەوە بەڵام وا هەست دەکەم دە دانە ساڵە سەرقاڵی ئەم قۆناغەم. ئەوە ماڵم لێوە دیارە، بێگومان ئێستا دایکم چێشتێکی بەلەزەتی لێناوە. دەرگای حەوشەم کردوە و بۆنی چێشتەکەی دایکم گەیشتبووە نێو کۆڵانەکە. جانتا قورسەکەی شانمم لە نێو دەرگای ماڵەوە فڕێ دا و بە پەلە خۆم گەیاندە لای دایکم، سەری قازانی خواردنەکەم لابرد و هەر بۆنەکەی تێری کردم. بریانییەکی کوردی لەم وڵاتە هەموو ڕۆژێک دەست ناکەوێت. دوای کەمێک بۆنکردن و تەماشاکردن دەستم برد پارچەیەک مریشکی وردکراو دەربهێنم و بیخۆم، وەک دەڵێن بەرکوڵ لە خواردنەکە خۆشترە. نەگەشتم بە ئەو خۆشییەوە و دایکم کێشای بە دەستمدا و بە دەنگێکی ڕێک و یەک ریتم گوتی "سەما، دەستت نەشوشتووە و خواردن دەخۆی؟" منیش ئەوەندە ماندوو بووم، مەیلی وەڵامدانەوە و گفتوکۆم نەبوو، گوتم "باشە دایە، ئێستا دەچم دەستم دەشۆم."
لە شوێنی خۆمەوە بەرەو دەسشۆری لای توالێتەکەی خوارەوە ڕۆشتم بەڵام لە نیوەی ڕێدا بڕیارم دا بڕۆم ئاوێک بکەم بە خۆمدا و بە یەک جاری فێنکیش ببمەوە. لە ڕاستیشدا بیری گۆلیش دەکەم، زۆر سەیرە وا هۆگری ئەو پشیلەیە بووم تاقێکی ڕۆژەکە نەیبینم، حەوسەڵەی هیچم نامێنێ. بۆیە بە پەیژەکاندا سەرکەوتم و لە هۆدەکەی سەرەوە، چونکە دەگای ژوورەکەم کرابووەوە گۆلی لێوە دیار بوو لەسەر جێی خەوەکەم ڕاکشاوە و خۆی دەلێسێتەوە. دیارە لە شوێنێکدا خۆی تەڕ کردوە، پشیلە زمانی وشکە و هەر کە تەڕ دەبێت بەو لێسانەوەیە خۆی وشک دەکاتەوە. وا ئەزانم خۆم بشۆم و دواتر بڕۆم بۆ لای ئەو باشترە، جلەکانم داکەند، ڕۆبەکەم لەبەر کرد و چوومە حەمامەکەوە. لە ژوورەوە جلەکانی ژێرەوەم لابرد و خستمە نێو جلشۆرەکە، نازانم بۆ بەڵام هەر لە منداڵییەوە نەمویستووە کەس بیانبینێت یان بیانشۆرێت. وەکو عادەتی هەموو جاڕیکم سەرەتا ئاوە گەرمەکە دەکەمەوە و خۆم پاک دەشۆم و دواتر پێش دەرچوون کەمێک لە ژێر ئاوێکی سارد ساردا دەوەستم.
تەواو پاک و فێنک بوومەوە و هاتمەوە ژوورەکەی خۆم، گۆلی دڵی خۆش دیارە و بەناو ژوورەکەدا دێت و دەڕوات و خۆی دەخشێنی بە قاچمدا. منیش یەکەم جارە هۆشم لای گۆلی نییە و تەماشای دەرەوەی پەنجەرەکەم دەکەم، کەوێک لە ناو چیمەنی حەوشەکەدایە، زۆر سەرنجی ڕاکێشاوم. هەروا وەستاوە و ناجوڵێ، ناخوێنێ بەڵام وەک چۆن هەندێک دەنگ و ڕەنگ لە هەر گۆرانییەک یان تابلۆیەکدا بن دەتگرن و بە زۆری زۆرداری وات لێدەکەن بووەستیت بە دیاریانەوە. ئەم کەوەش منی بۆ ماوەیەک لە ژوورەکەمدا ڕاگرت، قووڕە قووڕی سکم لە برسێتیدا خەبەری کردمەوە. باشە دەی نان دەخۆم و دواتر دەڕۆم بزانم ئەو کەوە چییە و بۆ لێرەیە، کەوتمە ڕی بۆ نانخواردن. لە هۆدەکەدا دایکم وەستاندمی و گوتی "کچم بڕۆ بە باوکت بڵێ نانەکە دانراوە." دایکم وەک هەموو ژنێکی ئەم نەتەوەیە لەگەڵ مێردەکەیدا قسەی نییە، خۆ ئەو کورد نییە بەڵام کاریگەری کوردبوونی باوکم و ڕەفتاری کوردانەی بەرامبەری، ئەمیشی کردوە بە ژنێکی کورد. بە بێ گفتوگۆکردن گوتم "بەسەر چاو." بەرەو ژوورەکەی باوکم ڕۆشتم، لە دوورەوە دەنگی میوسیکەکەی دەهات. (ئەویش دووا)ی ڕیچارد شتراوس هەمیشە لە ماڵماندا بیستراوە، لەوەتەی من بە بیرم دێت بەشێک بووە لەم ماڵە بە جۆرێک هەموو نۆتە و ئاکت و گۆڕانکارییەکانیم دەرخ کردووە. هەر ئەویش وای لێمکرد ڕۆمانەکەش بخوێنمەوە لە کاتێکدا من زۆر ئارەزووی خوێندنەوەم نییە. ئامانجم لە خوێندوەی تەنیا ئەوە بوو بزانم سیمفۆنییەکەی شتراوس چەندە ئامانجی خۆی پێکاوە. بە حاڵ سەرم لە دەرگای ژوورەکەی باوکمەوە بردە ژوورەوە بە بێ ئەوەی هیچ دەنگێک دروست بکەم، بەڵام ئەو فڵچەی رەنگەکەی دانا و تەنیا سەری بەلای مندا بادا و گوتی "خواردنەکە دانراوە؟" منیش گوتم "بەڵی بابە گیان." سەری بردەوە ڕووی تابلۆکە و گوتی "بڕۆ منیش وا دێم"
"تانزن هەستە لە خەو وا نیوەڕۆیە." ڕەسەن زۆر بە هێمنی ئەمەی بە گوێی کچەکەیدا چرپاند، تانزن چاوەکانی کردەوە و کەمێک تەماشای چواردەوری کرد. چاوی بڕیە چاوی باوکی و گوتی "بابە سەعات چەندە؟" ڕەسەنیش گوتی "دە و نیوە." ڕەنگی دەموچاوی گۆڕا و بەپەلە لە جێگاکەی هاتە دەرەوە و بە ڕاکردن بەرەو ژوورەکەی دایکی ڕۆشت. کە گەیشتە ژوورەکە، دایکی لەسەر کورسییەک بەرامبەر بە ئاوێنەیەک دانیشتبوو. سەرقاڵی خۆی بوو، خۆی جوانتر دەکرد. تانزن هەر لە نێو دەرگاکەوە قیڕاندی و گوتی "دایە باشە من دوێنێ شەو نەمگوت سبەی زوو هەڵمسێنە؟" دایکیشی زۆر بە هێمنی و بە بێ ئەوەی لاشی لێبکاتەوە گوتی "ئەرکی من نییە خەبەرت کەمەوە، کەس کەس خەبەر ناکاتەوە. ئەگەر ئەوەندە گرنگە بەلاتەوە بەخەبر بێیت، دەبێت خۆت بیکەیت." تانزنی داماوی منداڵ نەیزانی دایکی بۆ بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ دەکات بە دەم گریانەوە ژوورەکەی جێهێشت و گەڕایەوە لای باوکی، سەری لەسەر ڕانی دانا. خەو و هەنسکی گریانەکەی و باوشە گەرمەکەی باوکی تێکەڵ بوون، دووبارە و وردە وردە دونیا بەرەو ڕەشی دەڕۆشت تا خەو بردی.
تێرم خوارد و بە پەلە هەستام بڕۆم بۆ حەوشە تا بزانم ئەو کەوە چی دەکا لەوێ بەڵام هەر چەند گەڕام و تەماشام کرد دیاری نەبوو. باشە ئەو کەوە خۆ هیچ جوڵەی نەبوو، بۆ کوێ ڕۆشت؟ ماوەیەکی زۆر بە دوایدا گەڕام لە حەوشە و پێش ماڵ و هەموو بەشێکی ماڵەکە بەڵام سودی نەبوو و نەمدۆزییەوە، ڕۆژی دواتر و هەفتەی دواتر و ساڵی دواتریش من هەموو ڕۆژێک بە دوای ئەو کەوەدا دەگەڕام. ئەوە ئێستا لە قۆناغی دووی زانکۆم، لە شارێکی دوور ژیانێکی جیاواز بەتەنیا دەژیم. دوورم لە ماڵ و لە هەموو ئەو کەسانەی پێشتر بۆ من خێزان بوون، ئێستە زۆر باشتر دەژیم.
تانزن بە سەمای گوت "یان وا دەزانم باشتر دەژیم." بەهەر حاڵ پلانم وایە پاش چەند ڕۆژێک بگەڕێمەوە ماڵ دووبارە باوکم ببینم، دایکیشم من ببینێت.
سەعات یازدەی شەوە و وا کەلوپەلەکانم کۆدەکەمەوە و خۆم ئامادە دەکەم بۆ گەشتەکەی سبەی، سەرم دەئێشێت و خەویش وا دەمباتەوە. هێدی هێدی وا خەریکە بەسەر ئەم جلانەوە هۆشم نەمێنێ. هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەم لە دەستی چەپمدا، ڕیپۆق چاوەکانی گرتووم بە ئاسانی بۆم هەڵنایەن. وردە وردە هۆشم وا دێتەوە و چاویشم دەکرێتەوە، تەماشای کات دەکەم وا نۆ و نیوی بەیانییە! زۆر دواکەوتووم دەبێت زۆر بە پەلە بەڕێکەوم، ئەوەی مابوو لە کەلوپەلەکان بە زۆر خستمنە نێو جانتاکە و تەنیا بوتلێک ئاو لەگەڵ خۆم برد لە جێی نانی بەیانی. دوای دوو سەعات ڕێگا گەشتمە بەر دەرگای ماڵەوە، لەو دوورەوە دەنگی میوسیکەکەی بابەم دەهات و بەوەیا زانیم ئێستا لە حەوشەکەدا دانیشتووە و دەخوێنێتەوە. دەرگای حەوشەکەم کردەوە و خوێن لە لاشەمدا نەما، جوڵەم بە جۆڕێک وەستا چاوم پێ دا نەدەخرا. دەنگەکانی دەوروبەرم لەسەر خۆ و پەیژە ئاسا کز دەبوون، ڕووناکی لە هەر چوارلاوە بەرەو ڕەشی دەڕۆشت و چاوەکانم تەنیا مەودایەکی تەسکیان دەبینی، تەنیا کورسییەکەی باوکم و چیمەنەکەی دەوروبەری. پیاوێک وا لەسەر کورسییەکەی بابەم دانیشتووە و من نایناسم، باوکیشم لەسەر زەوییەکەی پێشی کەوتووە و کتێبەکەشی هێشتا لە دەستیدایە. پیاوەکە لەسەر کورسییەکە هەستا و ئاگام لێیە بەرەولای من دێت بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت من ناتوانم چاوەکانم لەسەر باوکم لا ببم، پیاوەکە دەبینم لە من نزیک دەبێتەوە و گەیشتە تەنیشتم و بۆ ساتێک وەستا و دواتر لە دەرگاکەوە چووە دەرەوە.
ئەم دیمەنی سەوزایی و درەخەت و دەشتەی ترێندلبۆرگ بۆ من زۆر ئارام بەخشن، دوو ساڵ بەسەر مردنی باوکمدا تێپەڕیوە و ئێستا لەم شارۆچکەیەدا دەژیم لەگەڵ ڕەسەنی مێردم. هەرگیز مەرگی باوکمم تێپەڕ نەکردوە تاوەکو ئەم ساتەش مێشکمی داگیر کردووە. هەموو شەوێک تاوانی ئەوەی بۆ جارێک ڕووم وەر نەگێڕا و تەماشام نەکرد تا بزانم ئەو کەسەی باوکمی کوشت کێ بوو، ناهێلێت بخەوم. دایکم پێش ئەو ڕووداوە بە دوو مانگ لە باوکم جیا بوو بووەوە بەڵام کەس ئەو هەواڵەی بە من نەگەیاندبوو و ئێستاش هیچ بەلامەوە گرنگ نییە بزانم چی دەکات یان لەگەڵ کێ دەژی. من ئێستا لەناو سروشت لەگەڵ خێزانە بچووکەکەم دەژیم، دوو کەوی جوانم کڕیوە و بەخێویان دەکەم.
تانزن لە خەو هەستا و تەماشایکرد باوکی هێشتا لەوێیە، گوتی "بابە، وێنەیەک دەکێشم بزانم بە دڵت دەبێت؟" باوکیشی بە خەندەیەکەوە تەنیا سەرێکی بۆ لەقاند. تانزن بە پەنچە بچووکەکانی، دەستی کرد بە وێنە کێشان، سەرەتا تەنیا خۆی و باوکی لە تەنیشت یەکەوە کێشا و دەستی یەکیان گرتبوو بەڵام دواتر وێنەی دایکیشی کێشا کە تۆزیک ئەولاتر وەستابوو. لەسەر وێنەکە نوسی من ناوم تانزنە، ئەوەی دەستی گرتووم ڕەسەنی باوکمە، ئەوەی ئەولاش سەمای دایکمە.
